پیاوێک بە بەتانیەک دەبێتە ملیۆنێر

لۆرێن کرایتزەر بە ئیفلاسی و بێکاری خۆی کرد بە ژوورێکی مەزاد لە کالیفۆرنیا. لە دوای ٧٧ چرکە بە ملیۆنێری هاتە دەرەوە، هەمووشی بە هۆی یەک بەتانیەوە.

ئەو کە مانگانە بە ٢٠٠ دۆلار دەژیا، لەدوای بوون بە ملیۆنێر دەڵێت کە “لەپڕ بوون بە کوڕێک” لایەنی ناخۆشیشی هەیە.

ئەو بۆ هەمیشە ژیانی گۆڕا کاتێک بۆی دەرکەوت کە ئەو بەتانیە کۆنەی بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەناو تاکی جلەکانیدا جێیهێشبوو، کە میراتێکی لەبیرکراوی خانەوادەکەی بوو، لە ڕاستیدا بەتانیەکی هۆزی ناڤاجۆیە کە مێژووەکەی بۆ ساڵانی ١٨٠٠ەکان دەگەڕێتەوە و بەهاکەی ١.٥ ملیۆن دۆلارە. ئەم زانینەی لە کاتێکی گونجاویشدا بوو. ئەو بە زەحمەت ژیانی بەڕێدەکرد و لە کوخێکی قەراخی دۆڵی لیۆنا دەژیا لە کالیفۆرنیا و لە ڕووداوێکی کوشندەی هاتوچۆدا قاچێکی لەدەستدابوو. ئێستا لە خانوویەکدا دەژی کە بەهاکەی ٢٥٠،٠٠٠ دۆلارە.

ئەو بەتانیەکەی بە میرات بۆ بەجێمایەوە چونکە هیچ کەسی ناو بنەماڵەکەشی بە نرخی بەتانیەکەیان نەدەزانی. کاتێک داپیرەی مرد، ئەو چوو بۆ ماڵەکەی تاوەکو ئەو کتێبانە لەگەڵ خۆی ببات کە بەڵێنی پێیدابوو. ئەو دەڵێت ئەوکات “هەموو شتەکان لە لایەن دایک و خوشکەکەیەوە تاڵان کرابوو”

دواین جانتای ناو ماڵەکە دوو بەتانی لەخۆگرتبوو کە لە داپیرەیانەوە بەجێمابوو، بەتانیەکی ناسکتری هادسۆن بەی و بەتانیەکەی هۆزی ناڤاجۆ کە داپیرەی وەختی خۆی لەسەر سەکۆی هەیوانەکە ڕایدەخست کاتێک پشیلەکەی بێچووی دەبوو. خوشکەکەی کرایتزەر بەتانیەکەی یەکەمیانی تاودایە و ئەوی دیکەیان کەوتە سەر زەویەکە.

  • Save
وێنەی بەتانیەکەی ناڤاجۆ

کرایتزەر دەڵێت “من وتم ئەی چی لەم بەتانیە دەکەیت؟”، ئەویش وتی “من ئەو پەڕۆ کۆن و پیسەم ناوێ!”. “ئیدی منیش هەڵمگرتەوە و خستمە تاکی جلەکانمەوە و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەویا مایەوە”

حەوت ساڵی دوای مردنی داپیرەی، بۆ کرایتزەر زۆر سەخت بوون. ئەو هەرچەندە کارێکی باشی هەبوو وەکو دارتاش، بەڵام ڕووداوێکی هاتوچۆ لە ساڵی ٢٠٠٧دا کۆتایی بە کارەکەی هێنا.
لەدوای ڕووداوەکە، ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە مایەوە و دوای دوو ساڵیش پزیشکەکان ناچاربوون قاچی ببڕنەوە بەهۆی خراپبوونی برینەکانی قاچیەوە.

هەرچەندە قاچی بڕابووەوە، بەڵام چەندین جار داواکاریی مووچەی کەمئەندامیەکەی ڕەتکرایەوە و بەو هۆیەوە کرایتزەر بە ناچاری منداڵەکانی ناردە لای دایک و باوکی تا لەگەڵ ئەواندا بژین.

ئەو بە تاریکترین قۆناغی ژیانیدا تێدەپەڕی کاتێک تەماشای زنجیرەیەکی کەلوپەلی ئەنتیکەی دەکرد و بۆ هەمیشە ژیانی گۆڕا. ئەو لە زنجیرەکەدا بەتانیەکی بینی کە لە بەتانیەکەی خۆی دەچوو. پێشکەشکاری بەرنامەکە نرخی بەتانیەکەی بە نزیکەی ٥٠٠ هەزار دۆلار مەزندە دەکرد. پێشکەشکارەکە باسی ڕستن و چنینی بەتانیەکەی دەکرد و دەیوت کە نرخی ئەو بەتانیە لەسەردەمی خۆیشیدا زۆر گران بووە. ئەو دەیوت نرخی بەتانیەکە هێندەی داهاتی چوار ساڵی کەسێکی خانەدانی ئەو سەردەمە بوو.
کرایتزەر دەڵێت “ڤیدیۆکەم ڕاگرت و چووم بەتانیەکە بهێنم. گەڕامەوە و دانیشتم و تەماشام ئەکرد…خەتی بەتانیی ناو ڤیدیۆکەم بە خەتی بەتانیەکەی خۆم بەراورد ئەکرد، تا بزانم لێک ئەچن… زۆر نزیک بوون لێکەوە. پێشکەشکارەکە دەیوت ئەو بەتانیە نرخی لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار دۆلاردایە، بۆیە لە دڵی خۆمدا وتم ئەوەی منیش لەوانەیە ٥ بۆ ١٠ هەزار دۆلارێک بکات”

  • Save
ئەو بەرنامەیەی کە ژیانی کرایتزەری گۆڕی

بەڵام کەسی دیکە باوەڕی پێی نەدەکرد. کرایتزەر ڤیدیۆکەی پیشانی دایکی دا، دایکیشی بە گاڵتەوە پێی وت “بەڵێ، بەڵێ… لەوانەیە ١٠ دۆلاریشت نەیەنێ بۆ ئەو شتە”

کرایتزەر لەدوای ئەوەی چەند شوێنێکی ئەنتیکەکان گەڕا و بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە، کۆتا شوێن کە چوو ناونیشانی شوێنێکی مەزادیان پێدا. ئەویش لە ماوەی ٣٠ خولەکدا گەیشتە لایان.
لە دوای ئەوەی خاوەنەکانی مەزادخانەکە بەتانیەکەیان نارد بۆ تاقیکردنەوە، دەرکەوت کە بەتانیەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٨٠٠ ەکان.

لە کاتی مەزادەکەیا، کرایتزەر نزای دەکرد کە هەر هێندەی بۆ بکات کە ئۆئۆمبێلەکەی پێ چاک بکات و بچێتە خانووی خۆیەوە. بەڵام تەنها پاش ٧٧ چرکە، بەتانیەکە فرۆشرا بە یەک ملیۆن و نیو دۆلار.

کرایتزەر دەڵێت کە فرۆشتنی بەتانیەکە ژیانێکی نوێی پێبەخشیوەتەوە. بەڵام ئەم شێوازی نوێیەی ژیانی بە بێ تەنگوچەڵەمە نیە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی بریتیە لە کێشەی باج و درامای خێزانی. کرایتزەر ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو شتانە لایەنە ناخۆشەکانی ژیانە نوێکەیەتی.

ئەو دەڵێت کە لە لایەن خزمی زۆر دوورەوە پەیوەندی پێوە دەکرێت و داوای پارەی لێ دەکەن. تەنانەت خوشکەکەی هەڕەشەی ئەوەی لێدەکرد کە لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات، بەڵام دواتر پاشگەز بووەوە.

هەرچەندە لە لایەن ڕاوێژکارەکەیەوە ئامۆژگاری کراوە کە پێشبینیی واقیعانەی هەبێت بۆ ژیانە نوێکەی، کەچی هێشتا کرایتزەر دۆشداماوە کە چۆن بڕە پارەیەکی زۆر دەکرێت ئاوا بەرەو کەمبوونەوە بڕوات. ئەو بڕە پارەیەی کە لە بیمە و باجدا خەرجی دەکات، ساڵانە دەگاتە ١٠ هەزار دۆلار. هەر لەبەر ئەوەیە بیر لەوە دەکاتەوە کە خانوویەکیان بفرۆشێت و بچێت بۆ ئایداهۆ بژی کە خەرجیی ژیان و باجی هێندە زۆر نیە.

ئەو دەڵێت کە “چیدیکە وەکو ٤٠ یان ٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا نەماوە. ئەگەر ٥٠ ساڵ لەمەوبەر یەک ملیۆن دۆلارم هەبووایە، ئێستا زۆر دەوڵەمەند ئەبووم، بە تەواوی دەوڵەمەند ئەبووم”

کرایتزەر بە سەروەتە نوێیەکەی، ئۆتۆمبێلێکی دۆج چاڵێنجەری مۆدێل ٢٠١٢ و ماتۆرسکیلێکی هارلێی داڤیدسۆنی کڕیوە لەگەڵ دوو خانوو کە یەکێکیانی داوە بە کرێ. سەرەڕای ئەوە، ئەو دەڵێت سەروەتە نوێکەی ئەوی نەگۆڕیوە. ئەو پێی وایە کە ژیانی بێ کارکردن بێزارکەرە و دەڵێت “ڕاستە، من خانووم هەیە، خانوویەکی خۆشیش، لەگەڵ چەندین ئۆتۆمبێل، بەڵام ئامادەم هەموو شتێک بەخت بکەم تاوەکو کار بکەم. دانیشتنی بەردەوام، تەنانەت ئەگەر لەناو خانوویەکی خۆشیشدا بژیت، پاش ماوەیەک بێزارت دەکات”

ئەو پێیوایە کە سەرەڕای بەختەکەی، باوەڕ و متمانەیەکی بەهێز و بەهیوابوون زۆر گرنگ بوو بۆ تێپەڕاندنی تاریکترین ساتەکانی ژیانی.