حەوت نیشانە دەریدەخەن تۆ لەوە سەرکەوتووتری کە بیری لێدەکەیتەوە

جار جار پێویستە ڕاوەستیت و بۆنێکی گوڵەکانت بکەیت: ئەمە نەک تەنها باشە بۆت، بەڵکو هانت دەدات کە زیاتر بڕوێنیت.

کاتێک خۆت بە کەسانی دیکە بەراورد دەکەیت، ئاسانە وا هەست بکەیت کە سەرکەوتوو نیت. ئەگەر تۆ کارسازێک بیت و خۆت بە ڕیچارد برانسۆن بەروارد بکەیت، تۆ ئەیدۆڕێنیت. ئەگەر گۆرانیبێژێک بیت و خۆت بەراورد بکەیت بە تایلەر سویفت، بە تایبەت ئەگەر خاڵی بەراورد کردن بڕی قازانج بێت، ئەوا تۆ ئەیدۆڕێنیت. ئەگەر ئامانجی تۆ گۆڕینی جیهان بێت و خۆت بە ستیڤ جۆبس بەراورد بکەیت….ئەوا دۆڕاویت.

کێشەی بەراورد لەمەدایە. گرنگ نیە چەندێک هەست بکەیت کە سەرکەوتوویت، هەمیشە کەسێکی دیکە هەیە لە تۆ سەرکەوتووتر. هەمیشە کەسێکی دیکە دەبێت کە لە تۆ باشتر یان زیرەکتر یان دەوڵەمەندتر یاخود دڵخۆشترە.

کەواتە، با واز لە بەراوردکردن بهێنین و تەنها سەرنج بخەینە سەر تۆ. ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵێک نیشانەن کە تۆ سەرکەوتووتریت لەوەی کە بیری لێ دەکەیتەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، دڵخۆشتریشیت:

١- هێندە پارەت هەیە کە دەتوانیت هەڵبژاردەی ئەرێنی ئەنجام بدەیت.

زۆربەی خەڵکی لە مووچەی مانگێکەوە بۆ مووچەی مانگێکی دیکە دەژین. لەوە خراپتر، زۆر کەس ناچارن هەڵبژاردن لە نێوان پێداویستیەکانیاندا ئەنجام بدەن.

ئەگەر هێندە پارە پەیا دەکەیت، وە پارە زۆر خەرج ناکەیت، کە بتوانیت هەڵبژاردنی ئەرێنی ئەنجام بدەیت دەربارەی ئەوەی کە چی لە بەشێکی پارەکە بکەیت، جا ئیدی وەبەرهێنان بێت یاخود گەشتکردن بێت یاخود وەرگرتنی کۆمەڵێک وانە و کۆرس بێت….هەر شتێک کە خۆت ئەتەوێت ئەنجامی بدەیت لە جیاتی ئەوەی کە ناچار بیت ئەنجامی بدەیت، کەواتە تۆ سەرکەوتوویت. هەم لەبەر ئەوەی کە تۆ لەو کۆتەی ژیان لە مووچەی مانگێکەوە بۆ مووچەی مانگەکەی دیکە ڕزگارت بووە، هەم لەبەر ئەوەی کە دەتوانیت ئەو پارە زیادەی کە هەتە بیخەیتە کار تاوەکو زیاتر سەرکەوتوو بیت.

٢- هاوڕێی نزیکت هەیە.

هاوڕێیەتیی نزیک تا دێت کەم دەبێتەوە. لێکۆڵینەوەیەک لە ئەمریکا دەریخستووە کە لە ماوەی ٢٠ ساڵدا ژمارەی ئەو هاوڕێ نزیکانەی کە بەشداربووان دەتوانن بابەتی گرنگیان لەگەڵ بکەنەوە لە تێکڕای ٢.٩٤ بۆ ٢.٠٨ هاوڕێ دابەزیەوە.

ئەگەر تۆ لە ٢ بۆ ٣ هاوڕێی نزیک زیاترت هەیە، ئەوا دڵخۆش بە. نەک تەنها لەبەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکە، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە ئەو کاریگەریە ئەرێنی و سوودەی ئەم پەیوەندیە لەسەر تێکڕای تەمەنت هەیەتی دووهێندەی ئەو سوودەیە کە لە وەرزش وەریدەگریت و هێندەی وازهێنان لە جگەرەکێشان کاریگەرە.

بۆ پەیوەندیە پیشەییەکانیشت، ئەوا….

٣- خۆت ئەو کەسانەی چواردەورت هەڵدەبژێریت.

هەندێک کەس کارمەندیان هەیە کە شێتیان دەکەن. هەندێک کەس کڕیاریان هەیە کە تەواو بێزارکەرن. هەندێک کەس کەسانی وا دەناسن کە خۆپەرستن و هەموو سەری زمان و بنی زمانیان بریتیە لە من من من.

ئەزانی چی: ئەوان ئەو جۆرە کەسانەیان هەڵبژاردووە. ئەو کەسانە لە ژیانی تایبەتی یاخود پیشەیی ئەوانەدان چونکە خۆیان ڕێگەیان پێدەدەن لەویا بمێننەوە.

کەسی سەرکەوتوو کەسانی سەرکەوتوو ڕادەکێشن. کەسی هەوڵدەر کەسانی هەوڵدەر ڕادەکێشن. کەسی دڵنەرم لەگەڵ کەسانی دڵنەرمدا پەیوەندی درووست دەکەن. کارمەندی لێهاتوو حەز دەکەن کار بۆ بەڕێوەبەری لێهاتوو بکەن.

ئەگەر ئەو کەسانەی چواردەورت لەو جۆرانەن کە خۆت دەتەوێت لە چواردەورت بن…ئەوا تۆ سەرکەوتوویت. ئەگەر وا نیە، ئەوا کاتی ئەوە هاتووە کە هەندێک گۆڕانکاری ئەنجام بدەیت.

٤- تۆ شکست وەکو مەشق دەبینیت.

شکستخواردن ناخۆشە، بەڵام باشترین شێوازیشە بۆ فێربوون و گەشەکردن. هەمیشە تاقیکردنەوە و بەرهەڵستی و ڕێگر لەبەردەمت دەبن، بەڵام بەردەوام بوون لە کۆتاییدا دەیباتەوە.

هەموو کەسێکی سەرکەوتوو پێشتر شکستی خواردووە، چەندین جار. هەندێکیان زۆر لەوە زیاتر شکستیان خواردووە کە تۆ بیری لێ دەکەیتەوە. هەر بۆیە ئەوان ئێستا زۆر سەرکەوتوون.

ئەگەر هەموو شکستخواردنێک لە ئامێز بگریت، ئەگەر بیکەیتە موڵکی خۆت، لێوەی فێربیت، وە بەرپرسیارێتی تەواو هەڵبگریت تاوەکو دڵنیابیتەوە بۆ جاری داهاتوو دەرئەنجامەکان جیاواز دەبن، ئەوا تۆ هەر لە ئێستاوە سەرکەوتوویت.

بە تێپەڕینی کاتیش، تۆ سەرکەوتووتریش دەبیت، چونکە هەرگیز ناوەستیت لە هەوڵدان کە لە ئەمڕۆت سەرکەوتووتر بیت.

٥- تۆ داوای هیچ ناکەیت.

ئێمە هەموومان ئەم حاڵەتەمان تووش بووە. گفتۆگۆیەکی مەزن ئەنجام ئەدەین، خەریکین شتی هاوبەش لە یەکتریدا ئەدۆزینەوە…پاشان، زرم: کەسی بەرامبەرت کارتی “پێویستم بە شتێکە” بەکار دەهێنێت.

ئیدی هەموو شتێک دەربارەی ئەو پەیوەندیە دەگۆڕێت.

ئەوەی کە پێشتر وەک هاوڕێ دەردەکەوت، ئێستا داواکاریی هەیە، خەریکە یەخەت ئەگرێت…ئیدی هەست بە تاوانباری ئەکەیت ئەگەر بڕیار بدەیت کە یارمەتیی نەدەیت.

ئەوانەی کە سەرکەوتوون داواکارییان نیە. ئەگەر هاوکارییان پێشکەش کرا وەریدەگرن، بەڵام هەست بە پێویستیی ناکەن تا داوای بکەن. لە ڕاستیدا، ئەوان سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی کە دەتوانن چی بۆ کەسانی دیکە بکەن.

٦- ڕێ بە کەسانی دیکە دەدەیت بدرەوشێنەوە.

تێگەیشتین، تۆ هەموو کارەکەت ئەنجامداوە. لەوانەیە جووڵەت بە شاخەکان کردبێت. لەوانەیە کارێکی ناوازەت ئەنجام دابێت و شایەنی ئەوە بیت کە ناوت لەناو ناواندا بێت.

ئەگەر تۆ بەدوای ناو و ناوبانگەوە نەبیت، واتا تۆ سەرکەوتوویت. مانای ئەوەیە کە تۆ لە ناختدا شانازی بە خۆتەوە ئەکەیت، کە ئەسڵ ئەوە گرنگە. تۆ پێویستت بەو پیاهەڵدانە نیە، خۆت دەزانیت کە چیت بەدەست هێناوە.

ئەگەر سەرەڕای ئەوەی خۆشیت لە ئافەرینی کەسانی دیکە دێت بەڵام پێویستت بە دەستخۆشیکردنی کەسانی دیکە نیە، ئەوا تۆ سەرکەوتوویت.

خۆشت ئەوە دەازنیت…تەنانەت ئەگەر بەدیاریشی نەخەیت.

٧- ئامانجێکت هەیە

کەسانی سەرکەوتوو ئامانجێکیان هەیە. لە ئەنجامدا، بە جۆش و خرۆشن و لێدابڕاون و بە حەزەوە کار دەکەن و ناترسن.

حەزەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکەشدا هاوبەشی پێدەکەن.

ئەگەر ئامانجێکت دۆزیبێتەوە، ئەگەر شتێکت دۆزیوەتەوە کە ئیلهامت پێدەبەخشێت، وزەت پێدەبەخشێت، دڵخۆشت دەکات کە هەستیت لە خەو، بچیتە دەرەوە و خەونەکانت بەدی بهێنیت، ئەوا تۆ سەرکەوتوویت، بێ گوێدانە ئەوەی کە تۆ چەندێک پارە پەیا دەکەیت یاخود کەسانی دیکە چۆن بیرت لێ دەکەنەوە.

بۆچی؟! چونکە تۆ ژیان بە شێوازی خۆت دەژیت، ئەوەش باشترین نیشانەی سەرکەوتنە کە تاکو ئێستا زانراوە.